قەیرانی مووشەکەکانی کووبا

له‌لایه‌ن: - ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئیسماعیل عەبدوڵڵا - به‌روار: 2023-02-11-23:49:00 - کۆدی بابەت: 10973
قەیرانی مووشەکەکانی کووبا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتای تەنگەژەکە

قەیرانی مووشەکەکانی کووبا، (بە عەرەبی: أزمة الصواريخ الكوبا، بە ئینگلیزی: cuban missile crisis) لە ماوەی جەنگی سارددا لە ساڵی ١٩٦٢دا ڕوویدا. ئەم تەنگەژەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە سەردەمی جەنگی ساردا ئەوکاتە ڕوویدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زانیاری هەواڵگری دەستکەوت سەبارەت بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی و بنکەی هەڵدانی مووشەکی زەمینی هێرشبەر لەسەر خاکی کووبا و نزیک لە کەنارە ئاوییەکانی ئەمریکاوە لەلایەن یەکێتییی سۆڤیەتەوە. لە کانوونی دووەمی ١٩٥٩، هێزە چەکدارییە شۆڕگێڕەکانی کووبا بە سەرکردایەتی فیدڵ کاسترۆ سیستمی وڵاتەکەیان ڕووخاند و سیستمێکی نوێیان دامەزراند. ڕژێمی کاسترۆ، لە لایەنی سیاسی و ئابوورییەوە، نەوەک هەرگیز دۆستی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو دەستیکرد بە ڕووبەڕووبوونەوەی، هەروەها لە بەرامبەردا ئەمریکا باوەشی بۆ نەیارەکانی کاسترۆ، بەتایبەتی گرووپە چەکدارەکانی لە ناوخۆی کووبا کردەوە، دەستیکرد بە ڕێکخستنەوە و مەشقپێکردنیان، هەروەها لە نیسانی ١٩٦١ لە میانەی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، کە بە ئۆپراسیۆنی (کەنەداوی بەرزان) ناسراوە ویستی ڕژێمی کاسترۆ بڕووخێنێت، بەڵام ئەو کردەوەیە سەرکەوتوونەبوو و نەیارانی کاسترۆ دەستبەسەرکران، ئەمە وای لە کووبا کرد کە پەیوەندیێکی بەتین لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا درووست بکات.

دامەزراندنی بنکەی مووشەکی زەمینی هێرشبەری سۆڤیەت لە کووبا

سەرکردایەتی کووبا، داوای لە یەکێتیی سۆڤیەت کرد کە چەکی پێشکەوتووی گران بدات بە کووبا کە ببنە مایەی پاراستنی لە هەر چەشنە هێرشێکی سەربازی کە لەوانەیە لە داهاتوودا بکرێتە سەر کووبا، بەتایبەتی لە لایەن ئەمریکاوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کووبا لە (ڕێکخراوی دەوڵەتانی ئەمریکا) دەرکرابوو. کۆنگرێسی ئەمریکا، جەختییان لەسەر پابەندبوون بە جەوهەری بابەتییانەی ئەو سیاسەتەی کە بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ چاکسازی کردن لە ناو کایەی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئابووری و ڕووناکبیری سۆڤییەت، هەروەها بەخشینی سیما و مۆرکێکی مرۆییانە پێی، بەڵام ئەو ململانێیە سیاسی و سەربازییانەی ڕوویاندا هەموو شتێکی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا سەراوژێر کرد.

بەهۆی سیاسەتەکانی گۆرباشۆڤەوە ڕێژەی هاوکاری سۆڤیەت بۆ وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بە شێوەیێکی بەرچاو کەم بوونەوە، هەر بۆیە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەستیان کرد بە ڕابوونی جەماوەری و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دەسەڵاتداریێتی کۆمیوونیستەکان، تاوەکو لە دەرئەنجامدا لە ساڵی ١٩٨٩ دیواری بەرلین وەکو نیشانەی دابەشبوونی ئەوروپا و جیهان ڕووخێندرا، لەدوایشدا یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ وەک نیشانەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی و جەمسەرێکی جەنگی سارد هەڵوەشایەوە و جەنگی سارد کۆتایی پێهات.

پرەنسیپی مۆنرۆ کە ڕێگەدەگرێت لەوەی هەر دەوڵەتێکی نائەمریکی دەستبخاتە ناو کاروباری دەوڵەتێکی ئەمریکی لە دوای ئەو گرژییانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کووبا ڕوویاندا چەک و تەقەمەنی سۆڤیەتی ڕوویان لە کووبا کرد. فڕۆکە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرۆسەیان دەکرد، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢ یەکەمین وێنەی بنکەی مووشەکی زەمینی هێرشبەری سۆڤیەت لەسەر خاکی کووبا گیرا.

وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ جووڵەکانی یەکێتیی سۆڤیەت

سەرۆکی ئەمریکا جۆن کێنێدی، لیژنەیێکی جێبەجێکاری بۆ مامەڵەکردن و دۆزینەوەی ڕێگا بۆ ئەم تەنگەژەیە دامەزراند. لە دوای وتووێژ و ڕاوێژی نهێنی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا، لیژنەکە ژمارەیەک پرسیاری خستەڕوو.

  • ئامانجی سۆڤیەت لەم ئۆپراسیۆنەدا چییە؟
  • گونجاوترین وەڵام بۆ مەترسییەکامی سۆڤیەت چییە؟

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی پرسیاری یەکەم، کۆمەڵێک پرسیاری تر هاتنە ئاراوە.

  • ئایا سۆڤیەتییەکان نیازییان وایە، کە جیهان لە دژییان بوەستێتەوە؟
  • ئایا سۆڤیەتییەکان دەیانەوێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر هەندێک پرسی ستراتیجی، کە جێگای بایەخی هەمیشەیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، سازشییان لەسەر بکات؟
  • ئایا ئەو ئۆپراسیۆنەی یەکێتیی سۆڤیەت هەوڵێکە بۆ  پێوانەکردنی توانای وەڵامدانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟

لە هەموو ئەگەرێکدا، سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە، کە ڕێوشوێنی وا بگرنەبەر کە ببنە مایەی شکۆمەندی و ڕاگرتنی پێگە و هێزی ئەمریکا لە جیهاندا.

ئایا ئەمە چۆن ئەنجام دەدرێت؟

  • بە داگیرکردنی دوورگەی کووبا و ڕووخاندنی ڕژێمی کاسترۆ؟
  • بە ئامانجگرتنی بنکەی مووشەکە زەمینییە هێرشبەرییەکانی سۆڤیەت؟
  • ئابڵووقەدانی هاتووچۆی چەکی گران و مووشەکەکان بۆ کووبا لەگەڵ هۆشداری دان بە سۆڤیەت، کە دەبێت ئەو بنکە مووشەکییە زەمینییە هێرشبەرانە لەسەر خاکی کووبا هەڵبوەشێنێنەوە؟

ئەمریکا ڕێگای سێیەمی هەڵبژارد، وەک ئەوەی چارەسەرێکی گونجاوە و لە کۆدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە نزیکە، لە لایێکی تریشەوە ئەم ڕێگا چارەیە دەبێتە مایەی ئەوەی لە ئەگەری گرژبوونی زیاتری دۆخەکە و هەڵچوونی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئۆباڵی قەیرانەکە بکەوێتە سەر یەکێتیی سۆڤیەت.

جیهانی بوونی تەنگەژەکە

لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢ سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی مێژوویی ئاڕاستەی ڕای گشتی ئەمریکی و جیهان کرد. ئاماژەی بەوەدا کە بوونی مووشەکی هێرشبەری سۆڤیەتی لەسەر خاکی کووبا نیشانەی گۆڕانە لە سیاسەتی دیفاکتۆ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێ بیانووی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتیمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەمریکا کراوەتە ئامانجی فراوانخوازی و نیازە شەڕانگێزییەکانی سۆڤیەت لە کووبا، هەر لەو وتارەدا دانانی ئابڵۆقە بەسەر کووبا ڕاگەیاندرا و هۆشداری درایە سۆڤیەت کە هەڵدانی هەر جۆرە مووشەکێک لەسەر زەوی کووباوە بەرەو ئاڕاستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک کردەوەیێکی سەربازی دوژمناکارانە لە بەرامبەر خەڵکی ئەمریکادا هەڵدەسەنگێندرێت، ئەمریکا بە شێوەیێکی تووند وەڵامی بۆ هەڕەشە و نیازە شەڕانگێزی و داگیرکارییەکانی سۆڤیەتییەکان دەبێت.

هەر لەوکاتەدا فڕۆکە هەواڵگرییە ئەمریکییەکان توانییان چاودێری ئەو کەشتییە سۆڤیەتیانە بکەن، کە چەک و شتومەکی سەربازییان بۆ کووبا دەگواستەوە، هەروەها مووشەکی ناوەکییان هەڵگرتبوو، ئابڵۆقەی ئەمریکا لە دژی کووبا بە شێوەیەک بوو کە هەردوو زلهێزەکەی ڕووبەڕووی یەکتری دەکردەوە، لە هەمان کاتدا ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوەکی، هەمیشە ئەگەرێکی کراوە بوو لە نێوان هەردوو زلهێزەکە، ئەو قەیران و مەترسییە گەییشتە ئاستێکی نێودەوڵەتی مەترسیدار، بەتایبەت کاتێک ٨٤٪ی ئەمریکییەکان لایەنگیرییان بۆ وتاری سەرۆکی وڵاتەکەیان نیشاندا، هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانییان بۆ ئەمریکا ڕاگەیاند. هاوپەیمانی ناتۆ دۆخی ئەوپەڕی ئامادەسازی سەربازی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمریکاش کەوتنە ئەوپەڕی ئامادەسازی سەربازی.

بەم شێوەیە ئەمریکا لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەی، لەسەر ئاستی هەرێمی و دەوڵەتانی دەوروبەر، هەروەها لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هاودەنگی بەدەستهێنا بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکانی سۆڤیەت لەسەر خاکی خاکی کووبا بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەمریکا کردەوە سەربازییەکانی سۆڤیەتی لەسەر خاکی کووبا بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییە باڵا و نیشتیمانییەکانی خۆی دەزانی، بەتایبەت بە هۆکاری نزیکی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و گرنگی جیۆپۆلیتیکی دوورگەکانی کووبا بۆ ئەمریکا، بەرژەوەندییە باڵا و نیشتیمانییەکان لە کووبا شتێک بوون مایەی سازش کردنی ئەمریکا نەبوون، ئەو تەنگەژەیە لە سەردەمی جەنگی ساردا جیهانی لە مەترسی ڕوودانی جەنگێکی ناوەکی جیهانی هەمیشە لە ئارادا هێشتەوە، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن هەردوو زلهێزەکەوە هەمیشە ئەگەرێکی کراوەبوو، هەڕەشەکان بە شێوەیەک بوون، کە تەنها یەک بڕیاری فەرماندەیەکی سەربازی هەر لایەک لە دوو زلێهزەکە هەموو شتێکی لە جیهاندا دەگۆڕی، دەستپێکی جەنگێکی ناوەکی جیهانی هەمووی کەوتبووە سەر بڕیاری فەرماندە سەربازییەکانی هەر دوو زلێهزەکە، دوایین جووڵە و کردەوەی سەربازە سۆڤیەتییەکان لەسەر خاکی کووبا، دوایین وەڵام و کاردانەوەی ئەمریکا بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، جووڵەی کەشتییە ژێر زەمینییەکانی هەڵگری چەکی ناوەکی، دوایین بڕیاری سەرکردەکانی هەردوو دەوڵەت، هەروەها دوایین هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕۆژئاوا و ناتۆ بۆ کردەوە سەربازییەکانی سۆڤیەت لەسەر خاکی کووبا.

چارەسەربوونی گرژییەکان

لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەی قەیرانەکە و هەستکردن بە ڕێژە و جۆری مەترسی قەیرانەکە یەکێتیی سۆڤییەت نەوەک هەر لە وەڵامدانەوی بلۆکی ڕۆژئاوا دوانەکەوت بەڵکو فەرمانیدایە ئەو کەشتییانەی کە مووشەکی ناوەکییان هەڵگرتبوو ئاڕاستەی خۆیان بگۆڕن، لە دواتردا پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو سەرۆک جۆن کەنەدی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیکیتا خرۆشۆف، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت هاتە ئارا و هەردوو لا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، سۆڤییەت بنکە مووشەکە زەمینییە هێرشبەرەکانی لەسەر خاکی کووبا هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا بەڵێن دەدات کە هێرش نەکاتە سەر کووبا و هەوڵی ڕووخاندن و گۆڕینی ڕژێمەکەی فیدڵ کاسترۆ، سەرۆکی کووبا نەدات.

دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە

  • جەنگی سارد هەرچەندە بە واتای ڕوودانی جەنگی ڕاستەوخۆ نایێت، بەڵام قەیرانی مووشەکەکانی کووبا ئەوە دەسەلمێنێت کە مەترسی ڕوودانی جەنگێکی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ لە ژێر سایەی جەنگی ساردا هەمیشە لە ئارادا بووە.
  • لە کاتی سەرهەڵدان و چارەسەر بوونی قەیرانەکە هۆکاری سەربازی ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێز بە واتایە سەربازییەکەی بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەرێکە کە هەمیشە شایەنی ڕوودانە، هێزی سەربازی یەکێکە لە میکانیزمەکانی بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی، سەرهەڵدانی قەیرانەکە بە هێنانی چەکی پێشکەوتووی سۆڤیەت بۆ کووبا دەستیپێکرد، هەروەها بە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکاوە لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت کۆتایی پێهات.
  • قەیرانی مووشەکەکانی کووبا کە بووە هۆکاری دامەزراندنی هێڵی پەیوەندی و نامە گۆڕینەوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، کۆشکی سپی و کۆشکی کریملن، کە ئەمەش بووە هۆکاری پەرەپێدانی دیبلۆماسییەتی لووتکە و ڕاستەوخۆ لە سەردەمی جەنگی ساردا لە دواتریشدا وابەستەبوون بە بەها و پرەنسیپەکانی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و دیالۆگی نێودەوڵەتی.
  • ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لەو قەیرانەدا ڕوونە چونکە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی گرژی لە نێوانی کووبا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەیەکتر نزیک بوونەوەی سۆڤیەت و کووبا پەیوەست بوو بە ڕووخانی ڕژێمێکی سیاسی لە کووبا کە دۆستی ئەمریکا بووە، هەروەها هاتنە کایەی ڕژێمێکی سیاسی شیوعی کە بووە دۆستی نزیکی یەکێتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی هەروەها نەیاری بلۆکی ئەمریکا.
  • قەیرانی مووشەکەکانی کووبا سەلماندی کە لە کاتی ڕوودانی تەنگەژەی مترسیداری نێودەوڵەتی دەکرێت دیبلۆماسییەت و دیالۆگ و هۆکاری ئاشتییانە ببنە مایەی چارەسەر و دوورکەوتنەوە لە جەنگ و بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازی لە دژی یەکتر.
  • قەیرانی مووشەکەکانی کووبا، سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکای لە بەرامبەر یەکێتیی سۆڤیەتدا نیشاندا، چونکە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و ڕوودانی جەنگێکی ناوەکی جیهانی کاریگەری کارای هەبوو لەسەر وەڵامدانەوەی ئەرێنییانەی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها سەرکەوتنی سیاسەتی دیبلۆماسییەتی یەکێتیی سۆڤیەتیش سەلمانی ئەگەر ئەمریکا لە قەیرانی مووشەکەکانی کووبا شکۆمەندی و بەهێزی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگای نێودەوڵتیدا سەلماندبێت ئەوا سۆڤیەتیش توانی دڵنیای مانەوەی ڕژێمی شیوعییەکەی فیدڵ کاسترۆ لە کووبا بەدەستبهێنێت، هەروەها لە مەترسی هەر جۆرە هێرشێک و ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ئەمریکا بیپارێزێت.
  • ڕوودانی قەیرانەکە لەسەر خاکی کووبا، ڕۆڵ و پێگەی کووبای لە جەنگی ساردی نێوانی هەردوو بلۆکی ئەمریکا و سۆڤیەت نیشاندا، لە دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە، کووبا دڵنیایی مانەوەی ڕژێمی سیاسی لە مەترسی هێرشەکانی ئەمریکا بەدەستهێنا، بەڵام کووبا بەشێک نەبوو لە دانوستانەکانی نێوان یەکێتیی سۆڤییەت و ئەمریکا، کە ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی بەرپرسانی کووبا.

قەیرانی مووشەکەکانی کووبا لە ئەمڕۆدا

لەم ڕۆژانەی ئەمڕۆدا مەترسییەکانی قەیرانی مووشەکەکانی کووبا جارێکی تر دێتەوە سەرباس کاتێک ڕووسیا لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرامبەر کاردانەوە و سزایەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر رووسیا، دەتوانین بڵێین جیهان بۆ ساتێک لە هەمان مەترسییەکانی قەیرانی مووشەکەکانی کووبا دەژیا، بیانووی رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا پاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاساییشی نیشتمانی رووسیا جێگیرکردنی سیستمی بەرگری ناتۆ لە ڕۆمانیا و پۆڵەندا، نیازی ناتۆ لە جێگیرکردنی سیستمی بەرگری ناتۆ لە ئۆکرانیا پڕچەککردنی ئۆکرانیا بە چەکی گەورە و پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی، هەروەها فراوان بوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات و هەڕەشەکانی بەردەمی ئاساییشی رووسیایە، لە کاتی قەیرانی مووشەکەکانی کووباشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمان بیانووی پەیوەست بە پرسەکانی ئاساییشی نیشتمانی هەبوو بۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و بە ئامانج گرتنی مووشەکە هێرشبەرییەکانی سۆڤیەت لەسەر خاکی کووبا، جەنگی ئۆکرانیا مەترسیدارترین ڕەوشە لە دوای قەیرانی مووشەکەکانی کووباوە جیهان ڕووبەڕووی بووبێتەوە، بە جۆرێک کە زلهێزەکان هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی بکەن.

 


سەرچاوەکان



949 بینین